نەورۆز


دابونەریتێکی زۆر کۆن و دێرینە کە لە لایەن کورد و فارس و ... بە شێوەی جۆربەجۆر دەگیرێ. ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ کەونارایەکی پێش لە مێژوو. ھەندێ کەس بە ھەڵە پێیان وایە زاڵبوونی کاوە بەسەر زوحاک سەرچاوەی نەورۆزە. بەڵام نەورۆز زۆر لە ئەفسانەی زوحاکیش کۆنترە. شارەزایانی نەورۆز، بڕوایان وایە جەمشێد کە یەکێک لە پاتشاکانی پێشدادییەکان بووە، نەورۆزی داھێناوە. ژیانی ئەو پاتشایانە لە ئەفسانە بەدەر نییە و بەسەرھاتەکانیان زۆر خەیاڵین و سەردەمەکەشیان پێش لە چاخی مێژووە. کەوا بێت بنەمای نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ چاخە دێرینەکان.
کەوناراییەکان پێیان وا بووە کە لە مانگی نەورۆزدا "گیانە پاکەکان" سەردانی کەسوکارەکانیان لەسەر زەوی دەکەنەوە و ئاگر ھەڵدەکەن و" خوانی حەوت سین" دەچنن و بەدەوریدا دادەنیشن. بۆیە چەند ڕۆژێک پێش لە ھاتنی نەورۆز، خەڵک دەست دەکەن بە تەکاندنی کەلوپەل و ناوماڵەیان و جلی نوێ لەبەر دەکەن و بە ئاگرھەڵکردنەوە دەچنە پێشوازی نەورۆز. دیارە نەورۆز لە ناوچە جۆربەجۆرەکاندا بە شێوەی جیاواز دەگیرێ و دابونەریتەکانی نەورۆز لای گەلانی ناوچەکەش جیاوازیی ھەیە.
جێژنی نەورۆز پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە و کۆنترین جێژنی مرۆڤە لە سەر زەوی. بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون، کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی، ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، رۆژی یەکەمی بەهاریان کردووە بە جێژن. دۆکتور مەولوود ئیبراهیم حەسەن لە وتارێکی تێر و تەسەلدا بە وردی چووەتە بنج و بناوانی مێژووەوە و بەڵگە دێنێتەوە لەسەر ئەوەیکە ئەو جێژنە هەمان جێژنی (تەمووز و عەشتار)ە، کە سۆمەرییەکان پێش ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی کوردستان بێنە دەر و بەرەو خوارووی وڵاتی عێراقی ئێستا داگەڕێن، ئەو جێژنەیان بەڕێوە بردووە.
نەورۆز تێکەڵ بووە بە کۆمەڵێک ئەفسانەی سەیر و سەمەرە. لە ئێرانی کۆندا لە یەکەم رۆژی بەهاردا واتە رۆژی نەورۆز، پاتشای وڵات دەرگای خستووەتە سەر پشت بۆ دیدار لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەیدا و رۆژەکانی دابەشیوە بۆ چاو پێکەوتنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە. هەر لەو رۆژەشدا خەڵات و دیاری و پێشکەشی بە دەست و پێوەندەکانی داوە و دیارییشی وەرگرتووە.
شاعیری فارس (فیردەوسی) دانەری کتێبی شانامە، بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر کۆنە ئەفسانەیەکی بێ بنەما، واتە ئەفسانەی کاوە و زوحاک. ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات هیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە. دیارە زوحاک یان (ئاستیاگ) هەبووە و دوایین پاتشای مادەکان بووە. بەڵام نەوەک ئەو جۆرەی کە فیردەوسی باسی دەکات. ئاخر فیردەوسی وەکوو کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی دەکات کە دەبوو هەموو رۆژێ مێشکی دوو گەنجی دەرخوارد بدەن. هەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی دەبێت و شۆڕشێکی لە دژی بەرپا دەکات و تەخت و بەختی لێ وەردەگێڕێ. لە حاڵێکدا هەر لەو وتارە بەڵگەمەندەی د.مەولوود ئیبراهیم حەسەندا هاتووە، کە ئاستیاگ دوایین پاتشای مادەکان، نەک زاڵم و شێت نەبووە بەڵکوو پیاوێکی تا بڵێی خۆش ناو بووە. بەڵام مێژووی پەیوەندیدار بەو کابرایە تەواو پێچەوانە شێوێندراوە. بە رای من، سەرکەوتنی هەخامنشییەکان، بەسەر دەوڵەتی ماددا و کۆتاییهاتنی تەمەنی یەکەمین دەسەڵاتی کوردی و سەرکەوتنی تیرەیەکی فارس و دامەزراندنی دەوڵەت لە لایەن ئەوانەوە، بووەتە هۆی ئەوەیکە لە کۆنەستی فارسەکان بە گشتی و لە نەستی کەسێکی وەک فیردەوسیدا بە تایبەتی، ئەفسانەیەکی لەو جۆرە بیچم بگرێت و روخساری ئەو دوژمنەی پێ ناشیرن و کرێت نیشان بدەن. دەڵێن: رۆژێک منداڵێک لە باوکی دەپرسێ: باوکە روخساری شەیتان لەو وێنەیەدا بۆچی ئەوەندە ناشیرین و دزێوە؟ باوکەکەی دەڵێ: چونکە ئەو وێنە بە دەستی دۆستەکانی شەیتان نەکێشراوەتەوە. ئەوەی راستی بێت مێژووی کوردیش هەتا ئێستا خۆی نەینووسیوەتەوە، بۆیە جگە لە لایەنی کەم و کووڕی شتێکی ئەوتۆمان لە مێژووی کۆن لەبەردەست دا نییە کە مۆرکی خۆمانی پێوە بێت. تەنانەت ئەو بۆنە پیرۆز و جێگە شانازییانەش کە هەمانبوون، بە جۆرێک مۆرکە کوردییەکەیان لێ سڕیونەتەوە و بە ناو نەتەوە و گەلانی باڵادەستەوە کراون، بۆ ئەوەی ئێمە شتێکمان نەبێت کە وەک پاڵپشت و بەڵگەی مێژوویی پاڵی پێوە بدەین. ئێستا کە بە پێی بەڵگە مێژووییەکانیش دەرکەوتووە کە نەورۆز جێژنێکی تەواو کوردییە و لە کوردستانەوە بە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی دەورووبەرماندا بڵاو بووەتەوە، هێشتا وەک پێویست دەڵێ لە روومان هەڵنایە راشکاوانە بڵێن ئەو جێژنە جێژنێکی رەسەن کوردییە. ئێستاش لە کۆنەستی ئێمەدا ئەو رۆژە رۆژی سەرکەوتنی (کاوەی ئاسنگەر)ە بە سەر زوحاکی مار لەشاندا. لە حاڵێکدا ئەوە هیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە ئەفسانەیەکی سازکراوە. ئەگەر واشی دانێین کاوەیەک بووبێت و تەخت و بەختی زوحاکی "ماد"ی وەرگێڕابێت، ئەوا کورد چۆن شانازی دەکات بە کەسێکەوە کە کۆتایی بە یەکەمین دەسەڵاتی کورد هێناوە و دواتریش گەڕاوە بە قسەی فیردەوسی بە شاخ و کێواندا و لەوێ "فەرەیدوون"ی دۆزیوەتەوە و کردوویەتە پاتشا. فەرەیدوونیش کورد نەبووە. ئەگەر وای دانێین کاوەیەکیش لە گۆڕێدا بووبێت و کورد بووبێت، ئەوا کاوە خۆفرۆشێکی خەیانەتکار بووە و مێژووش پڕە لەو جۆرە کەسانە کە بەداخەوە شانسیان گرتوویەتی و دواتر بە پێچەوانەوە ناویان بە چاکە رۆیشتووە.
نوێ رۆژ یان نەورۆز لە کوردەوارییەکەی خۆماندا
لە کەس شاراوە نییە کە کورد هەر لە بنێڕا، گەلێکی ئاژەڵدار بووە و، بە دەم ئاژەڵدارییەوە کشتوکاڵی کردووە. کەوابوو گەڕیانی وەرزەکانی و گۆڕانە وەرزییەکان، لە ژیانی ئەو گەلەدا گرینگیی تایبەت بە خۆی هەبووە. بە تایبەتی کوردستان نیشتمانێکی کوێستانییە و وەرزی زستان لە کۆندا تەمەنێکی درێژتر لە ئێستای هەبووە و ئێستاش پیاوە بەتەمەنەکانی کورد باشیان لەبیرە کە ساڵی ساڵان بەفرێکی قورس دەباری و جار هەبووە هەتا دوو مانگ لە بەهاریش تێپەڕیوە و بەفر هەر نەتواوەتەوە و عەرزی بەر نەداوە. لەو حاڵەتەدا کوردی ئاژەڵدار دەکەوێتە تەنگژەی بێ تفاقی و بێ ئاوردوویی. بە پێی هەموو ئەو فاکتەرانە، هەم سرووشتی و هەمیش مەنتیقییە کە کورد تەواوبوونی وەرزی تووش و سەرمای زستانی کردبێتە جێژن.
مامۆستا هێمن موکریانی جێژنی نەورۆز دەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی کورد و بە تایبەتی پێی وایە ئەو رۆژە رۆژی مەڕ زایینە. لەو سۆنگەیەوە کە مەڕداری کورد رانە مەڕەکەی لەو رۆژەدا دەزێ کردوویەتە جێژن.
لە مێژووی جێژنە ئێرانییەکاندا جێژنێکیش هەیە بە ناوی جێژنی مێهرەگان. ئەو جێژنە یەکەم رۆژی پاییز بووە. مەڕدار لەو رۆژەدا بەرانیان لە مێگەل بەرداوە. واتە ئەورۆژە رۆژی بەرانگرتنی مەڕ بووە. بۆیە ئەو رۆژەش کراوە بە جێژن و بە مێهرەگان ناوی دەرکردووە و مامۆستا هێمن لەسەر ئەو باوەڕەیەکە هەر ئەو ناوی جێژنی مێهرەگانە دواتر بووەتە مێهرەجان و بە تایبەتی عەرەبەکان بە زۆربەی جێژن و کۆڕەکانی خۆیان دەڵێن مێهرەجان. بە گشتی مەودای نێوان جێژنی مێهرەجان و جێژنی نەورۆز پێنج مانگە. "مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ. پێشینیان دەڵێن بەرخ پاش سەد رۆژ رووحی وەبەر دێ و مەترسیی بەرئاویتن کەم دەبێتەوە. جێژنی سەدە کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن "بێڵن دانا"، پێوەندیی دەگەڵ ئەم باسە هەیە. دوو مانگ پایز و سێ مانگ زستان دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی ئەوەڵی بەهاردا زەوی مەڕ دێ و جێژنی هەر گەورەی مەڕدارە".
بۆچوونەکەی مامۆستا هێمن زۆر لە راستییەوە نزیکترە لەو بەناو مێژوونووسانەی کە بە ویستی دەسەڵات مێژوویان بە ئارەزووی خودان و ئەربابەکانیان نووسیوەتەوە. پاش رووخانی ئیمپراتۆریی میدییەکان، ئەوانەی دێن و سەربردە و مێژوو دەنووسنەوە، دەبێ بەو شێوەیەی بنووسنەوە کە دەسەڵات دەفەرموێ. کەوابوو ئەگەر روخسارێکی سامناک لە دوایین پاتشای میدییەکان واتە ئاستیاگ پێشان دەدەن، شتێکی سەیر نییە. ئەگەر زۆر زۆر دووریش نەگەڕێینەوە، و وردبینانە لە مێژووی هاوچەرخی خۆمان بڕوانین و لێی وردبینەوە، دەبینین ئێستاش دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، چۆن لە هەموو رێگەیەکەوە هەوڵ دەدەن روخساری راستەقینەی ئازادیخوازان بخەنە بن پەردەی سەدان ناو ناتۆرەی دزێوەوە. دوور نەڕۆین ئەگەر بۆ مانای وشەی پێشمەرگە بگەڕێینەوە نێو قامووسی بەعسییەکان، پێتانوایە چ پێناسەیەک لە پێشمەرگە کرابێت؟ ئەوە لە سەردەمێکدایە کە ئێمەش ئەگەر هاوسەنگی ئەوانیش دەستمان بە قەڵەم ودامودەزگای راگەیاندن نەگەیشتبێ بۆ وەڵامدانەوەیان، لانیکەم دەرەتانی ئەوەمان هەبووە، لە هەندێ کەناڵەوە حەقبوون و رەوا بوونی داواکانمان بۆ خەڵک روون بکەینەوە. جا وەرن سەیری سەردەمێکی کۆنی کۆن بکەن کە کوردی لێقەوماو خاوەنی هیچ خوێندەوارییەک نەبووە و دەسەڵاتدارەکانی زاڵ بەسەر نیشتیمانەکەیدا چۆنی دڵیان ویستوویەتی مێژوویان بۆی نووسیوەتەوە. بۆیە ئەفسانەی کاوە و زوحاک تەنیا فێڵێکە لە مێژووی ئێمە کراوە. لانیکەم ئەگەر تەنیا بە مەبەستی ئەوەش بووبێت کە هیچ کات لە روومان هەڵ نەیە، بە شانازییەوە باسی ئیمپراتۆریی میدییەکان بکەین.
ئاگر وەک هێمایەکی کۆنی کورد
سەرەڕای ئەوەیکە لە هەندێ لە ئەفسانە کۆنەکاندا باس لەوە دەکرێ کە ئەو رۆژەی مرۆڤ بۆ یەکەم جار ئاگری تێدا دۆزیوەتەوە، دەکەوێتە ئاخر شەوی زستان و یەکەم رۆژی نەورۆز و هەموو ساڵێک ئەو رۆژەی وەک رۆژێکی ئەگەر نەشڵێین پیرۆز لانیکەم سەیر و سەمەرە سەیر کردووە، بەڵام بە گشتی ئاگر لە باوەڕی کۆنی کوردەواریی خۆماندا هێمایەکی لە مێژینەیە. کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام کوردەکان زەردەشتی بوون. ئەوان ئاگرپەرست نەبوون. بەڵکوو ئاگر بەلایانەوە وەک هێمایەکی پیرۆز پارێزراوە.
هەر لە کۆنەوە مرۆڤ کە بیری لە پێکهاتەی جیهان کردووەتەوە، پێی وابوە کە ئەم جیهانە لە چوار توخم پێک هاتووە. 1ـ خاک 2ـ ئاو 3ـ با 4ـ ئاگر
سێ دانە لەو چوار توخمە واتە، خاک و با و ئاو، پیس و ئالوودە دەبن. هەر سێکیان هێزی کێشەری زەوی رایاندەکێشێ. لەو نێوەندەدا ئەوەی نەک پیس و ئالوودە نابێت بەڵکوو شتە پیسەکانیشی پێ پاکژ دەکەنەوە، ئاگرە. ئاگر لەگەڵ ئەوەدا کە توخمێکی پاکژ کەروەیە، هێزی زەویش نەک پەلکێشی ناکات بەرەو خۆی بەڵکوو بەردەوام لە هەڵکشاندایە بەرەو ئاسمان. هەر لە کۆنی کۆنیشەوە هەتا ئێستاش کە مرۆڤ پێی وایە خوا لەسەر عەرشی عەزیم و لە حەوت تەبەقەی ئاسمانەکانە و ئەوەش لە واقیعەی میعراجیشدا باسی دەکرێت، کە بۆ وێنە پێغەمبەری ئیسلام بە سواری باڵی بوڕاق بەرەو میعراج دەڕوات، ئەو باوەڕە بە بوونی خوا لە ئاسمان، شتێکی زۆر زۆر کۆنە. هەر بۆیەش هەڵکشانی بەردەوامی ئاگر وەک هێزێکی پاکژکەرەوە بەرەو ئاسمان نیشانەی هەڵچوونی رۆحی پاک و بێ خەوش و بێ تاوانە بەرەو سەرچاوەی خۆی واتە خوا.
لە لایەکی دیکەشەوە، یەکێک لە بنەما باوەڕییەکانی ئایینی زەردەشت بوونی دوو هێزی دژ بە یەکە، واتە ئەهریمەن و ئەهورامەزدا. تاریکی هێمای ئەهریمەنە و رووناکی هێمای ئەهۆرامەزدایە.
دەبینین، لە نێو چوار توخمە پێکهێنەرەکەی جیهاندا، سێیان تاریکن. تەنیا ئەوەی رووناکە، ئاگرە. ئاگریش بەردەوام لەگەڵ تاریکیدا لە شەڕێکی نەبڕاوەدایە. هەروەک ئێستاش دەڵێن: ئەنگوستەچاوترین شەویش ناتوانێ تەنانەت تیشکی مۆمێک بشارێتەوە. ئاگر هێمای شەڕی دەسەڵاتی حەق و راستییە بەسەر تاریکی و دزێویدا. لە شێعری ئەو شاعیرانەشدا کە باری نەتەوەیی و بەرەنگارییان هەیە، ئەوە رەنگی داوەتەوە و هەمیشە، دەسەڵات بە شەوەزەنگ وەسف کراوە و لایەنی ئازادیخوازیش بە رووناکی و مزگێنیدەری رووناکی.
بە گشتی بەپێی هەموو هێماکان نەورۆز کۆنترین جێژنی کوردە و لە کوردستانیشەوە بە ناوچەکانی دیکەی ئاسیادا بەتایبەتی بە ناوچەکانی ئێراندا بڵاو بۆتەوە و ئێستا زۆر گەل و نەتەوە هەن، خۆیان بە خاوەنی ئەو جێژنە دەزانن. لەو نێوەدا ئەوەی زیاتر لە هەموویان بە هێما و باوەڕی کۆنەوە لە جێژنی نەورۆزدا حوزووری هەیە و مۆرکە مێژوویی و کەونەکانی بە روخساری ئەو جێژنەوە دیارن، کوردە.
سەرچاوەویکیپێدیای کوردی
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق